من تامردن لەگەڵ ئێوە دەبم، دەمەوێ ئەوەشتان پێ بڵێم ئەگەر لە پێناو کورددا نەمرم، یانی ھیچم نەکردووە.
پێشەوا قازی محەممەد
٧٥ ساڵ لەمەوبەر یەکەم نۆبەرە کۆماری کوردستان لە شاری مەھاباد دادەمەزرێ. ئەگەر ئاوڕێک لە ھەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی ئەو سەردەم بدەینەوە دامەزرانی وەھا کۆمارێک ٧٥ ساڵ لەمەوبەر کە ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی ببوو بە ناوەندی کێبەرکێی ھێزە دەسەڵاتدارەکانی دنیای ئەو سەردەم، ھێندە ئاسان نییە. بەتایبەت لە ناوچەیەکدا کە گەلەکەی دابەش کرابێ بە سەر چوار پارچەدا و دەسەڵاتدارە جیهانیەکانی ئەوکات چاوی تەماحیان تێ بڕیبێ. بۆیە بۆ ئەو سەردەم دامەزرانی کۆمارێک بە ناوی کۆماری کوردستان پێویستیی بە بیرمەندێک بووە کە لە ھەموو بوارێکەوە لێکدانەوەی ورد و تایبەتی بۆ ئەو کارە مەزنە کردبێ.
بوونی پێشەوا قازی محەممەد لەو سەردەمدا کە کەسایەتییەکی سیاسی، خۆشناو، خۆش بەیان، جێی متمانە و لە ھەمان کاتدا ئەدەبدۆست و ھونەردۆست، دێموکراتێکی نیشتیمانپەروەر و بڕوامەند بە گیانی تەبایی و یەکگرتوویی ئەو بیرمەندە بوو کە ئەو ئەرکە قورسەی خستە سەر شانی خۆی.
ژیانی لاویەتی و گەشەکردنی بیری نەتەوایەتی و ئاوێتەبوونی بیری زانستی ھەروەھا زاڵ بوون بە سەر چەند زمانێکی گرینگی ئینگلیزی، فەڕانسەوی، عەڕەبی، فارسی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی لە تەنیشت تایبەتمەندییە سیاسی و خەسڵەتە درەوشاوە مرۆییەکانی کەسایەتییەکی تەواو کاریزماتیکی بە پێشەوا بەخشیبوو. پێشەوا قازی محەممەد دوای کۆچی دوایی باوکی دەبێتە قازیی شار و بەرپرسایەتیی ئەوقافی ئەوکاتی شاری مەھاباد وەئەستۆ دەگرێ و تێکەڵاوی لەگەڵ ئیدارەی فەرھەنگ ئەو ھەلەی بۆ دەڕەخسێنێ کە یەکەم قوتابخانەی کچان لەو شارەدا دابمەزرێنێ، هەروەها هەنگاوی گرینگ و کارساز بۆ چارەسەری ناکۆکیی عەشیرەتەکان لەگەڵ یەکتری هەڵگرێ.
پێشەوا قازی محەممەد بە چوونی بۆ نێو ڕێکخراوی سیاسیی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ ک) و وەرگرتنی بەرپرسایەتی زیاتر هیوای خستە دڵی خەڵکی مەهابادەوە. سەفەری پێشەوا بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت و پاشان دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕەوڕەوی ژیانی سیاسیی قازی محەممەدی گۆڕی. ئەو بڕیاری کارە هەرە مەزنەکەی دابوو. ئەوە بوو کە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤دا دامەزرانی یەکەم “کۆماری کوردستان”ی بە بەشداریی نێردەی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان ڕاگەیاند.
دوای دامەزرانی کۆمار، خەڵکی کوردستان نازناوی پێشەوایان بە قازی محەممەد بەخشی. ئەگەرچی هەموو تەمەنی کۆمارەکەی کوردستان تەنیا ١١ مانگ بوو، بەڵام پاش ٧٥ ساڵ قازی محەممەد هەروا پێشەوای هەموو کوردان و ئامانج و بڕواکانی زیندوون و ئامانج و خەونی هەموو کوردانن. پێشەوا هەر لەو ماوە کورتەدا قوتابییەکانی فێری بەردەوامیی خەبات و کۆڵنەدان کردبوو، بۆیە ئەگەرچی مامۆستای ئەم شۆڕشە سەری بردە بن دار، بەڵام ئەو نەمامەی پێشەوا چاندبووی لە هەموو کوردستاندا ڕەگاژۆی کرد و بوو بە دارێکی پڕبەری نیشتمانداگر.
دوای نسکۆی کۆمار و شەهیدبوونی پێشەوا، زۆر زوو مەتەرێزی خەبات ئاوەدان کرایەوە و ڕێبوارانی ڕێبازی پێشەوا گیان لەسەردەست هاتنە مەیدان هەتا ئەم ئاڵایە بە شەکاوەیی ڕابگرن. ڕووپەڕەکانی دواتری ئەم بزووتنەوەیە کە بە بیری پێشەوا و ئەزموونەکانی کۆمار گۆش کرابوو، کەندولەند و تاڵی و سوێریی زۆری دی. گەرمێن و کوێستانی زۆر کرا، قۆناغی جۆراوجۆری بڕی و کۆستی گەورەی وەک ڕووداوەکانی ٤٧-٤٦ی لە پشت سەری بەجێ هێشت و سەرلەنوێ بووژایەوە و هەستایەوە.
ئەمڕۆ پاش ٧٥ ساڵ، پێشەوای کوردان لە بیروباوەڕ و خەیاڵگەی کورداندا هەروا زیندوویە، لە چیرۆک و بەستەی منداڵاندا ناوی پیرۆزی دێ و دەنیشێتە سەر دڵان، وێنەی پێشەوایە دیوارەکانی قەڵای خۆڕاگریی دێموکرات دەڕازێنێتەوە و بیری کۆمارە دەڕژێتە هەناوی حەماسەی پێشمەرگە و سەنگەری بەرگریی پێ دەڕازێتەوە. پاش حەوت دەیە ئێستای بیرە مەزنەکەی پێشەوایە بۆتە کۆڵەکەی پتەوی ڕاگرتنی ئەم خەباتە ڕەوایە و بەرهەڵستی نەیارانی ئەم گەلەیە
پاش حەوت دەیە کورد پێشەوای خۆی هەر ماوە و ئێستاکەش دەبینین کە ڕاسپاردەکانی لە لایەن ڕێبوارانی کۆمار و ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی ڕێبازی پێشەواوە جێبەجێ دەکرێن. سەرقافڵەکانی دیکەی ئەم کاروانە، شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی وانەکانی ئەم خەباتەیان هەرمان کردووە. بۆیەشە ئاوەدانی مەتەرێزی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان، لە ئاسۆی ڕوونی بەردەوامی سەرکەوتنی خەباتدا دەبینرێن .