لە کاتێکدا کە تائێستا زیاتر لە ١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە کوردستان و ئێراندا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ئەم پەتایە لە جۆری نوێدا بە نێوی “کۆڤید ٢٠” بە خێرایی لە پەرەسەندندایە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕێگە چارەیەکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەتایە نەگرتۆتە بەر و هەر خەریکی درۆ و چەواشەکارین لەگەڵ خەڵک.
فاتمە ڕەحمانی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بانگەشەی کردووە کە خەڵکی وڵاتی ئەمریکا، پێکوتەی دروستکراوی کۆمپانیای “فایزێر”یان پێباش نییە و نموونەگەلێک لە لێکەوتەکانی کوتانی ئەو پێکوتەیە لەنێو ئەو کەسانەی کە ئەو پێکوتەیان کوتاوە بینراوەتەوە و ئەگەر پێکوتەی “فایزێر” باش بوایە، بێگومان ئەمریکا بە ئێمەی نەدەفرۆشت و بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بەکاری دەهێنا.
هەروەها ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم بە ئاماژەکردن بە قسەکانی خامنەیی، وتی: نابێ ئیزن بدەین ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئێران بکەنە شوێنی تاقیکاریی پێکوتەکانیان و بەرپرسانی ئێمە دەبێ تەندروستیی خەڵکی وڵاتەکەیان بپارێزن و پێشتریش “حوسێن کەنعانیی موقەدەم” بەرپرسی سیاسیی ”جبهەی ئیستادەگیـ”ـی ڕێژیم وتبووی: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە دروستکردنی پێکوتەی کۆرۆنا دەیانهەوێت ” جی پی ئێس” بخەنە نێو لەشی ئێمە و کردار و هەڵسوکەوتی ئێمە کۆنترۆڵ بکەن.
جێی ئاماژەیە کە، هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە بڕیاری خامنەیی، لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردبووە کە، ئەم پێکوتەیە گیانی کەسەکان ڕزگار دەکات، قەدەغەکردن و نەکڕینی ئەو واکسەنە هەنگاوێکە لە ڕاستای سووککردنی مافی مرۆڤ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین دەیەیە ئەنجامی دەدەن.