چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوازی گونجا و نەتەوەیی وڵامی بێڕێزییەکانی کۆماری ئیسلامییان دایەوە.
خەڵکی کوردستان بە گشتیی و بە تایبەت چالاکانی میدیایی، مەدەنی و فەرهەنگی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە بست بە بستی ئەم جیهانەدا بە شێوازی جۆراوجۆر و بە یەکگرتوویەکی بەرچاو و شیاوەوە وڵامی بێڕێزیی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دایەوە و بە هۆنەر، مووسیقا، شانۆ، وێنە، گرتە ڤیدیۆ، پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بە هەموو چەشنێکی گونجاو بە یەکگرتوویی خۆیان پەیامێکی گرینگیان بە دۆست و دوژمن گەیاند.
چالاکیی وڵامدانەوەی خێرا و هەڵوێستی نەیەوەیی خەڵکی کورد دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە شوناسخوازیی نەتەوەیی کورد سەرەڕای هەوڵ و هێرشەکانی داگیرکەران بۆ سەر بەها و نرخەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان ئامانجە گڵاوەکانی خۆی نەپێکاوە و پێچەوانە بۆتەوە و بە هەوڵ و ماندووبوون و خوێن و خەباتی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە لە نێوخۆ و دەرەوە ناسیونالیزمی کورد لە گەشەی بەردەوامدایە و کورد و کوردستان پتەوتر و نەتەوەییتر لە جاران چقڵی چاوی داگیرکەرانە.