ئەندامێکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کەهیچ دوور نییە ئەمریکاییەکان بەناوی خزمەتی پزیشکیی، پێکوتەی ساختە ڕەوانەی ئێران بکەن و پارەیەکی زۆرمان لێوەربگرن و دواتر یان خەڵکی وڵاتی ئێران نەخۆشتر بکەن یان کۆمەڵکوژی بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، ڕۆژی دووشەممە٢٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، محەممەد عەلی موەحێدی کرمانی،ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە قسەکانی خامنەیی کە وتبووی هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە ئەمریکا و بریتانیا قەدەغەیە وتی: قسەکانی خامنەیی زانستییە و هیچ باوەڕ و متمانەیەکمان بەو وڵاتانە نییە و ئەو وڵاتانە جیاواز لە دوژمنیی هیچ پڕۆژە و پلانێکی تەندروستییان بۆ ئێران نییە.
موەحێدی کرمانی لە درێژەی وتووێژەکەیدا ئەمریکا و بریتانیا بە زاڵم وستەمکار ناودەبا و دەڵێ: ئەو دوو وڵاتە جێگای متمانە و باوەڕ نین و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەیکە ئێمە پێکوتەیان لێبکڕین بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە بۆچی هەموو بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چارەسەری پزیشکیی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوو لەو وڵاتانە و وڵاتانی ئورووپایی دەکەن و کەسوکاری هەموویان لە وڵاتی بە ناو دوژمندا ژیان دەکەن.