دوو کچی خەڵکی شاری کرماشان بەهۆی ئەوەیکە لە ڕیکلامێکدا گۆرانییان وتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردۆتەوە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە کرماشان دەسبەسەر کران.
حەسەن حەیدەری بەرپرسی گشتیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کرماشان بە ئاماژە بەوەیکە ئەو دوو کچە ڕیکلامیان بۆ کۆمپانیایەکی پیشەیی کردووە و لە ڕێوڕەسمێکدا گۆرانییان گوتووە دەڵێ: کاری ئەو کچانە دژی داب ونەریتە کۆمەڵایتییەکان بووە و خەڵکیان بێزار کردووە، بۆیە ئەوانیش بەدواداچوونیان بۆ کردووە، ئەو دوو کچە، خاوەنی دووکانەکە و خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی کە ڕیکلامیان بۆ کردووە دەسبەسەر کراون و ئەو پەیجانەش کە گۆرانییەکەیان بڵاوکردووەتەوە، داخراون.
ئەوە یەکەمجار نییە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر گۆرانی گوتن و ڕیکلام و کلیپ دەسبەسەر دەکەن، ماوەیەک لەمەوپێش کچێک کە لە کرماشاندا بەشداری لە کلیپێکدا کردبوو دەسبەسەرکرا و دوو کچی دیکەش لەسەر ڕیکلام بۆ پێشانگەیەکی فرۆشتنی جلوبەرگ بەتۆمەتی ئەوەیکە حیجابیان نەپاراستووە دەسبەسەر کرابوون.