حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران “تەرانە محەمەدی”، شاعیری لاوی خەڵکی بانەیان ڕفاند و هەڕەشەی بڕینی زمانیان لێکرد.
بەثیی هەواڵی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو ٢٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری بانە شاعیر و نووسەری لاوی کورد “تەرانە محەمەدی” بە نازناوی (تەنیا) یان، ڕفاندووە و بردوویانەتە دەرەوەی شار و وێڕای سووکایەتی و بێڕێزی پێکردن یەکێک لەوان کە بە زمانی فارسی قسەی کردووە هەڕەشی بڕینی زمانی لە ناوبراو کردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە ڕاگەیاند کە تەنیا به بنەماڵەکەی وتووە: “ئەو هێزانە چوار کەس بوون و لە بەردەم ماڵەکەمان بە بێڕێزییەکی زۆر خستوومیانەتە ناو ماشێنەکە و بردوومیانەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشە لێکردن بە چاو بەستراویی هێناومایەنتەوە لە گەڕەکێکی نزیک ماڵەکەی خۆمان دایانبەزاندووم.
ڕفاندنی ئەو کچە شاعرە دوای ئەوەی بووە کە ناوبراو لە لایڤێکی ئینیستاگرامی لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی وتبووی “شێعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم”و لە وڵامی هیلا سدیقی کە وتبووی مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئیوە خۆتان بە ئێرانی نازانن بەڵکوو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن؟ وتبووی ” بەڵێ ئێوە ڕاست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم” و هەروەها بەشداری لە لایڤێکی ئینیستاگرامی هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامی کردووە.
تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی مەهابادە و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە.











