کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی کرماشان لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە پەیامێک ئەو ڕۆژە پڕدەسکەوت و مێژووییەکان پیرۆز کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆی کرماشان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی گەلی کورد کرد و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستانیان بەرز نرخاند.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی خوێندکارانی زانکۆی کرماشان لە پەیامێکدا، ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز نرخاند و ئەو ڕۆژەیان لە هەموو ئەویندارانی ڕێبازی پێشەوای کورد “قازی محەممەد” پیرۆز کرد و تیشکیان خستە سەر ئەو دەسکەوتانەی کۆماری کوردستان کە تاکوو ئێستاش هەوێنی شانازیی نەتەوەی کوردن.
لەو پیرۆزباییەدا هاتووە کە، ئەزموونەکانی دەوڵەتی کۆماری کوردستان وەکوو دەوڵەتێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بۆتە نموونەیەکی جوان بۆ چالاکوانانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئایدیا و بنەما فیکرییەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ماوەی ٧٥ساڵی ڕابردوودا، دەتوانێ ببێتە سەرمەشق بۆ تەواوی نەتەوە و مرۆڤایەتی لە جیهاندا.
لە درێژەی ئەو پیرۆزباییەدا هاتووە کە؛ ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان تەنیا ١١مانگی خایاند بەڵام، ئەزموون و دەسکەوتگەلێکی بەنرخی بۆ نەتەوەکەمان هەبووە؛ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پەرە بە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد دراوە و ئێستاکەش هەر ئەو بەها نەتەوەییانە بوونەتە ڕەمزی خەبات لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و ڕێبەرانی دواتری نەتەوەکەمان وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و ئێستاکەش کاک خالید عەزیزی درێژەدەری ئامانجەکانی پێشەوای نەمر “قازی محەممەد” بوونە. کۆماری کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کورد، دەسکەوتگەڵێکی گرینگی وەکوو، هێزی پێشمەرگە، ئالای کوردستان و سروودی نەتەوەیی بۆ ئەمڕۆی کورد بەجێهێشت و دڵنیاین بەهاکانی کۆمار ڕووناکی ڕێگەی داهاتوو دەبن.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سپاس و دەستخۆشی لەو خوێندکارانەی زانکۆی کرماشان دەکات و هیوای بەردەوامییان لە ئەرکە نەتەوەییەکانیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.











