ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شاری بانەیان بە دروشم و تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندانەوە ڕازاندەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆز و بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە، بەبۆنەی هاتنی ٢ی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکییەکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
سەرەڕای هەوڵ و گوشارەکانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و پەرەسەندنی ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان، ئەندامانی چالاکی حیزبی دێموکرات لە ناوخۆی وڵات و بە تایبەت لە شاری بانە بوێرانە بە بڵاوکردنەوەی دروشمی تایبەت بە یادی ٢ی ڕێبەندان، ئەم یادە پیرۆز و مەزنە بەرز ڕادەگرن و پێروزبایی خۆیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان دەکەن.
ئەوشوێنانەی چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە بلواری سەقز، کوی فەرهەنگیان، شەهرەکی تەوحید، پردی دینار فرۆشەکان، پشت دادگای شاری بانە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزب لە شاری بانە، هیوای بەردەوامبوون لە ئەرکەکانیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.












