بە دەسبەسەرکرانی کەسێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە مەهاباد، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ١٠ کەس و دوو کەسیش حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی کوردستان، ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک لە مەهاباد بە ناوی “ئەمیر بایزیدی ئازەر” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە، ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەرکراوە و سەرەڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە دوو برای خەڵکی مەهاباد، بە ناوەکانی “سامان و سالار غەزاڵی” کە لە کۆتاییی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرابوون، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد غوڵامی” هەر کام بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران حوکم دران.
سامان غەزاڵی خوێندکاری کارناسی باڵای کۆمەڵناسی زانکۆی بروجێرد و براکەی سالار غەزاڵی دەرچووی کارناسی باڵای شیمی لە زانکۆی ڕازی کرماشان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەسبەسەر و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ راگیرابوون و لە مانگی سەرماوەزدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گوازرانەوە.
ئەو دوو برایە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران ئەو حوکمەیان بە سەر داسەپاوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەس لە هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی مەهاباد، سنە، مەریوان، بۆکان، سەردەشت و کەرەج لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکراون و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زۆربەی ئەو دەسبەسەرکراوانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.