لە درێژەی بانگەشەکانی خولی دەهەمی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران، قەسیم عوسمان کە ئێستا لە سەر کورسیی نوێنەرایەتی شاری بۆکان دانیشتوە، ئێوارە خوانێکی بە مەبەستی بانگەشە بۆ خۆی لە ساڵۆنی سامان لە شاری بۆکان پێکهێنا.
عوسمانی لەو کۆبوونەوەیەدا قسەی بۆ میوانەکانی کردو باسی لە کارەکانی خۆی لە ماوەی چەندین ساڵ دانیشتنی لە سەر کورسیی نوێنەرایەتیی شاری بۆکان لە مەجلیسدا کرد.
ئەو کە پرسی نەتەوەکەی هیچکات لە مەجلیسدا وەبیر نەهاتۆتەوە، هەوڵی دا سەرنجی بەشداران بە باسی ئاوو خاکو گەل هەڵخڕێنێ. عوسمانی لە بەشێک لە قسەکانیدا بە مەبەستی هێرش بۆ سەر ڕکهبهرهکانی لەم هەڵبژاردنەدا و پاساو بۆ کارنامەی لاوازی خۆی، دانی بەوە دا نا کە بەشێک لەو کەسانە بە ئامانجی خزمەت بە خەڵک هاتوون، بەڵام جیاوازییان ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە دەتوانن کار بۆ خەڵک بکەن بهڵام ئهو دەزانێ کە هیچ ناکرێ! هەرچەند روونی نەکردەوە کە لە کاتێکدا دەزانێ هیچ کارێک ناکرێ، ئهدی بۆچی خۆی کاندید دەکاتەوەو لە پێناو چیدا ئەم ململانێیە لەگەڵ ڕکهبهرهکانی دهکا؟!
جێی بیرهێنانهوهیه لە دیارترین کارەکانی قەسیم عوسمانی وەک نوینەری بۆکان، هەوڵدان بۆ کاندیداتۆریی محەممەد جەواد زەریف بە مەبەستی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بوو. هەوڵێک کە تەنیا لای عوسمانی مایەوەو تەنانەت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش بڕوایان بەو خۆ شیرینکردنەی نەکرد. ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە شاری بۆکان لە بواری گەشەی ئابووری پلەی ١٣ی وەک دوایین پلە لە ئاستی پارێزگای ورمێدا دەستەبەر کردوە.