بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەهەمبەر دەسبەسەرنەکردنی حاجیزادە ڕەخنەیان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گرت
سەرەڕای ئەوەی کە یەک ساڵ و چەند ڕۆژ لە بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە تێدەپەڕی، کاربەدەستانی ڕێژیم لە باسی وردەکارییەکانی ئەو جینایەتە خۆدەبوێرن، جینایەتێک کە لەودا ١٧٦ کەس بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەستدا و ئەو جینایەتەی سپای پاسداران، لەلایەن خەڵک و ناوەندەکانی داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤ مەحکوم کرا و ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گیانی خەڵکیان بەلاوە گرینگ نییە و ئەوەش ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دایکانی قوربانیانی فڕۆکەکە لەهەمبەر دەسبەسەرنەکردنی “ئەمیرعەلی حاجیزادە” فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران، ڕەخنەیان لە ڕێژیم هەیە و دەڵێن ناوبراو بە بڕیاری چ کەسێک فەرمانی لێدانی ئەو فڕۆکەیەی دەرکردووە؟
دایکانی قوربانیان لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە هەشتاگێک لە ژێرناوی “لە بکوژ قارەمان دروست مەکەن” لە دژکردەوەیەک بە قسەکانی حاجیزادە لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو پرسیارەیان کرد کە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سپا سەرەڕای ئەوەیکە ئەو هەمووە سکاڵایەی لە سەر تۆمار کراوە بۆچی تا ئێستاش ئازادە؟
یەکێک لەو دایکانە ڕوو بە حاجیزادە وتی: ئەو ڕۆژەتان لە بەر ئەوەیکە بنکەیەکی چۆڵی ئەمریکاتان کردە ئامانج، ناوناوە “یەوموڵا” یان لە بەر ئەوەیکە ١٧٦ کەسی بێگوناحتان لە خۆڵ و خوێن وەردا کە ٢٩ کەس لەوان مناڵ بوون؟