وەزیری دەرەوەی فەرانسە: تەنیا گەڕانەوە بۆ بەرجام بەس نییە و دەبێ لێکۆڵینەوە لە بەرنامەی مووشکی و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بکرێ.
ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە تاران دەیهەوێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات وتی: زۆر پێویستە کە بە ڕێژیمی ئێران بڵێین لێرەدا دەبێ ڕاوەستی.
ناوبراو وتی: تەنیا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام چارەسەر نییە بەڵکوو دەبێ لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و هەوڵدانی ئەو ڕێژیمە بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و بەرنامە مووشەکییەکانی، وتووێژێکی جیددی لە گەڵ ئێران بکرێ.
لە لایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە کاردانەوە لە هەمبەر قسەکانی وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە تویتێکدا فەرانسە بەوە تۆمەتبار دەکا کە پشتیوانی لە عەرەبستان دەکا و وتی: ئێوەن کە چەکوچۆڵتان بە عەرەبستان فرۆشتووە و ئێوەن کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن نەک ئێران.
زەریف لە تویتێکی دیکەدا وڵاتانی ئورووپایی بە کەمکاریی و هەوڵنەدان بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنی ناوکی تۆمەتبار دەکا و دەنووسێ ئێوە هیچ هەوڵێکتان بۆ ڕاگرتنی گەمارۆکان کە لەلایەن ئەمریکاوە بە سەر ئێراندا سەپاوە، نەداوە و بەڵێنەکانی خۆتان لەو ڕێکەوتنە جێبەجێ نەکردووە و بۆیە ئێرانیش پێبەند نابێ بە بەڵێنەکانی لەو ڕێککەوتنە.












