کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز لە سنووری بانە بەهۆی راوەستانی دڵەوە گیانی لە دەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی “محەممەد ئەحمەدی ئایچی” تەمەن ٥٠ ساڵ لە سنووری برویشکانی سەر بە شاری بانە بە هۆکاری ناڕوون تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گیانی لەدەست دەدا.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بەرەبەیانی زوو لەبەر ساردی کەش وهەوا ناوبراو تووشی جەڵتەی دڵ دەبێ و لە لایەن هاوڕێیەکانی بۆ نەخۆشخانەی بانە گوازراوەتەوە و لەوێ گیانی لە دەستداوە، جێی ئاماژەیە کە ناوبراو خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بە ناچاری کۆڵبەری کردووە.
شایانی باسە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٥٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٨١ کەسیان بریندار بوون.