بەندکراوێکی سیاسیی بۆسەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم: ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ گەندەڵی دەبێ لە دەزگای دادوەرییەوە دەسپێبکرێ.
حامید قەرەئوغڵانی، بەندکراوێکی سیاسیی لە بەندیخانەی ورمێ ڕوو بە “ئیبراهیم ڕەئیسی” دەڵێ: دەزگا ئیتلاعاتییەکان ئێرانیان بە بارمتە گرتووە و بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک پەروەندەت بۆ ساز دەکەن و ئەو سزایەی کە بۆ خۆیان دەیانهەوێت دەیدەن بە دەزگای قەزایی و سزات بە سەردا دەسەپێنن.
قەرەئۆغڵانی بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی ورمێ، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی ڕوو بە بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران وتی: ئیتلاعات هەروەکوو چەتەکان منیان بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی فڕاند و دوایی ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بۆ خۆیان ئەو سزا کە دەیانویست بە سەرمیاندا سەپاند، دەزگایی قەزایی تەنیا دەزگایەکی ڕواڵەتییە و ئەو سزا دووبارە دەکاتەوە کە لە ئیتلاعات بۆیان دیاریکردووی.
ناوبراو هەروەها وتی: دەزگای قەزایی لە ئێراندا هیچ جێگەوپێگەیەکی نییە و تەنیا بۆ چەواشەکاری و کڵاو لە سەرنانی خەڵک دادگا بەڕێوە دەبەن.