کۆمەڵێکی دیکە لە جاشەکانی ناوچەی مەهاباد بۆ شەڕی سووریە بەڕێکران.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد نیزیک بە ٢٠٠ جاشی ناوچەی مەهاباد کە زیاتر لە ٣٠ کەسیان لە جاشە بەدناوەکانی مەنگوڕن، بۆ شەڕی سووریە بەڕێکراون.
بەرنامەی بەڕێکردنی ئەو کەسانە بەمجۆرە بووە کە بەڕێی تاران کراونو دوای سەردانێکی کورت بۆ مەشهەد بۆ زیارەتی زۆرەملێی ئیمام ڕەزا، بە پاسپۆڕت بەرێی سووریە دەکرێنو لەوێ لە بەرەکانی شەڕدا رێکدەخرێن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ناردنی ئەو کۆمەڵە جاشە بە زۆرەملێ بەڵام لە بەرامبەر وەرگرتنی پاداشی ماڵیی ٣٠ میلیۆن تمەنی بووە.
بەرێکردنی هێزی چەکداری رێژیم بۆ شەڕی سووریە لە حاڵێک دایە کە لەو ماوەیەدا ژمارەی کوژراوەکانی رێژیم هەردێو زیاد دەکا.
ئێران کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هەم لە ڕووی ماڵیو هەم لە ڕووی هێزی ئینسانییەوە پشتی رێژیمی سووریەی گرتوەو، سپای قودسی بەڕێی ئەو وڵاتە کردوە؛ لە دوای دەستپێکی عەمەلیاتی بەناو موحەرەم لە سووریە لە چەند مانگی ڕابردوودا، جەنازەی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بۆ هاتۆتەوە.
هەواڵدەریی ئیڕنا، هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیش هاوینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا جەنازەی زیاتر لە ٤٠٠ کوژراوی سپای پاسدرانیان بۆ هاتۆتەوە کە ئەوان بە پارێزەرانی شوێنە پیرۆزەکانی سووریە ناویان دەبەن.