بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکانی سەرۆککۆماریی ئێران وتی: ئەگەر جۆبایدن گەمارۆکان لە سەر ئێران لا نەبا بە پێی یاسای ئەمریکا گەمارۆکان بەردەوام دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیسنا” دیاکۆ حوسێنی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، لە وتووێژێکدا وتی: ئەگەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا ئاڵوگۆری بەسەردا بێ و گەمارۆکان لە سەر ئێران لابچێ، ئەوە کورەی باشوور، هیچ پاساوێکی نامێنی و دەبێ پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکا.
حوسێنی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: بەدوای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە ئەمریکا و هاتنەسەرکاری جۆبایدن، بەپێی یاسای نێوخۆیی ئەو وڵاتە گەمارۆکان لە سەر ئێران بەردەوام دەبێ، مەگەر ئەوەیکە بایدن گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببا کە ئەم پڕۆسەیە کاتی زۆری دەوێ یان ئەوەیکە بە شێوەی فەرمی وڵاتانی دیکە ئاگادار بکاتەوە، کە دەتوانن پێوەندییە بازرگانی و داراییەکانیان لە گەڵ ئێران درێژەپێبدەن و لەوە بە دواوە لە ژێر هەڕەشە و گوشاری ئەمریکادا نابن.