لە درێژەی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا گەمارۆگەلێکی نوێی خستەسەر پیشەی گواستنەوە و گەیاندنی دەریایی و هەروەها ڕێکخراوە پێوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ لە ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ڕۆیتێرز” ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٧ ڕێکخراوە و ٢کەسی پێوەندیدار بە گواستنەوە و گەیاندنی دەریایی ڕێژیمی ئێران و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک، گەمارۆگەلێکی نوێیان بەسەردا سەپاوە.
پۆمپێئۆ بە ئاماژە بە هەناردەکردنی چەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ” سووریە، عێراق، یەمەن و لوبنان” وتی: بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بە گشتیی.
هەروەها ” حەمید ڕەزا عەزیمیان” لە پێوەندی لە گەڵ کۆمپانیای پۆڵای ئێران و ” محەممەد ڕەزا مودەڕێس خیابانی” لە پێوەندی لە گەڵ کۆمپانیای کەشتیڕانی ئێران گەمارۆیان خراوتە سەر.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە ئەمریکا بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی لە کومەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیاستەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێ و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە بە یەکگرتوویی بەرەنگاری دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە.