وەک نەریتی ساڵانە، ئەمساڵیش خەڵاتی ماملێ پێشکەش بە هونەرمەندێکی دیکەی کوردستان کرا.
خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٢ ساڵە لەلایان مەڵبەندی هونەریی “ماملێ”وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە تێکۆشەرانە دەکرێ کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێداوە.
لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، مووزیسیەنی گەورەی گەلی کورد، دوکتور “دڵشاد محەممەد سەعید” بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی دیاریکرا.
شایانی باسە کە مامۆستا دڵشاد سەعید، لە مێژووی مووزیکی ھاوچەرخ لە باشووری کوردستاندا و بەتایبەت (ناوچەی) بادینان، بووەتە داینامۆ و بنیاتنەری گروپی ئۆرکێسترایی. دیارترین ئەو کارانەی لەو سەردەمە ئەنجامی داون، دامەزراندنی (تیپی مۆسیقای دھۆک) بووە.