لە رۆژانی ڕابردوودا، دایە “خاتووزین کاکەمەمی” دایکی ٤ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوشکی شەهید “قادر کاکەمەمی” کە وێڕای ٣٦ کەس لە لاوانی شاری مەهاباد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گوللـە باران کران، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
نەمر “خاتووزین” لەو دایکە کوردپەروەرانە بوو کە هەمیشە دڵی بۆ ئازادیی نەتەوەکەی لێدەدا و ئاواتی دیتنەوە و لە باوشگرتنەوەی پێشمەرگە و کوڕە دوورەوڵاتەکانی بوو و لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنی زۆر بوو، لە زۆربەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی مەهاباد دژ بە کۆماری ئیسلامی، بەشداری چالاکانەی هەبوو و پشتیوانێکی هەمیشەیی لاوانی شاری مەهاباد بوو و لەو چوارچێوەیەدا هەم بەهۆی کوڕە پێشمەرگەکانی و هەم بەهۆی بەشداریی لەو خۆپێشاندان و چالاکییەکاندا، چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بێرێزی پێکرابوو.
شایانی باسە،دایە “خاتووزین کاکەمەمی” ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە گوندی “گردەبەردان”ی شاری مەهاباد لە دایک بووە و چوار کوڕی بە ناوەکانی “کەماڵ، جەماڵ، ئەمیر و ئەنوەر بەروەندی” لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا وەک پێشمەرگە و ئەندامی ئەو حیزبە لە خزمەت گەل و نیشتیمانەکەیاندان و هەروەها برایەکیشی لەپێناو ئامانجەکانی گەلی کورددا بە دەستی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە خاتووزین پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی دایە خاتووزین و بە تایبەت هاوڕییانی ئەندامی حیزب دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.