“ئیسماعیل خان دوونان” پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و کەسایەتیی خۆشناوی شاری بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، حاجی “ئیسماعیل خان دوونان”، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی شارەدێی “سەرچنار”ی بۆکان، لە تەمەنی ١٢٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
حاجی “ئیسماعیل خان دوونان” گەورەی بنەماڵەی “دوونان” و کەسایەتی ناودار و حیزبدۆست بووە و هەمیشە بە شانازییەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی دەورانی زێڕینی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی دەکرد و بە شانازییەکی گەورەی لە مێژووی گەلەکەیدا دەزانی.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی حاجی “ئیسماعیل دوونان” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.