فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، دووچالاکی مەدەنیی خەڵکی سیرووس عەباسی، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
فەریدە وەیسی و هاوژینەکەی سیرووس عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە سزای داسەپاو بەسەر فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، بە شێوەی فەرمی بەو دوو کەسە ڕاگەیاندرا و بەپێی بڕیاری دادگا، هەر کامیان سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێراویان بەسەردا سەپاوە و ئازاد عەباسی، برای سیرووس عەباسیش تۆمەتەکانی لەسەر لابراو ئازادکرا.
سیرووس عەباسی بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا ڕایگەیاند: دادگای شۆڕشی سنە بە هۆی نەبوونی بەڵگە، “ئازاد”ی بە بێ تاوان ناساند و بە هۆی ڕێپێوان و فیلم گرتن لە کۆبوونەوەی نا گوتن بە سزای لەسێدارەدانی “ڕامین حوسێن پەناهی” و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە شاری دێولان بە مەبەستی ئیدانە کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لە بەرانبەر داواکاری گشتیی سنە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە دەسبەسەر کرانی مامۆستای زمانی کوردی” زارا محەممەدی” هەرکام لە من و فەریدەی هاوژینم بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێراو بۆ ماوەی سێ ساڵ، سزا دراوین و لە تۆمەتەکانی تریش بە بێ تاوان ناسراین.