بەپێی گەڵاڵەیەکی نوێی مەجلیسی ڕێژیم، سپای پاسداران، ڕاستەوخۆ چاوەدێری بە سەر بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان دەکا.
عەلی حەدادی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی کاروباری نێوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی شۆراکانی مەجلیس و شۆراکانی شار و گوندەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی “تەسنیم”ی ڕاگەیاندووە کە ئەم کۆمیسیۆنە سەرقاڵی پێداچوونەوەی گەڵاڵەی یاساکانی هەڵبژاردنی شۆراکانی شار و گوندەکانە کە بەپێی ئەم گەڵاڵە نوێیە یەکێک لە یاساکانی هەڵبژاردنی شۆراکان چاودێری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەپێش ناونووسینی بربژێرەکانی شۆرای شار و گوندەکان.
ناوبراو وتی: لەم گەڵاڵەیەدا خاڵێکی سەرەکیمان گونجاندووە کە ئەویش بریتیە لەوەیکە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار و گوندەکان دەبێ ٦ مانگ پێش ناونووسین، لە تاقیکارییەکی وەزارەتی ناوخۆدا بەشداری بکەن.