ئەمریکا لە درێژەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بە دژی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی خستەسەر ١٦ ڕێکخراو و ٣کەسایەتی ئێرانی و عێراقی.
لە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتداریی سەرۆککۆماریی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا و لە درێژەی سیاسەتی”ئەوپەڕی گوشار” بە دژی ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر “ئاستانی قودسی ڕەزەوی و ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خومەینی” و بەرپرسانی ئەو دوو ڕێکخراوە گرینگەی ڕێژیمی ئێران و هەروەها جێگری ئەبوو مەهدی موهەندیس،بە ناوی “عەبدوڵعەزیز ئەلمەحمەداوی “ناسراو بە “ئەبوو فەدەک” بەرپرسی حەشدی شەعبی.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ١٦ ڕێکخراو و ٢کەسی بەرپرسی ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خومەینی و ئاستانی قودسی ڕەزەوی گەمارۆیان خراوەتە سەر و لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا ناوی “ئەحمەد مەروی، بەرپرسی ئاستانی قودسی ڕەزەوی و هەروەها ناوی محەممەد موخبێر، بەرپرسی ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خومەینی، هاتووە کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
پێویستە بگوترێ کە ئەو دوو ڕێکخراوە لە ژێرچاوەدێری ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییدا بەڕێوەدەچێ و پێشتریش، ئەمریکا گەمارۆی خستبووە سەر ئەو ڕێکخراوە “سەربازی، ئەمنییەتیی، ماڵی و ئایینی”یانەی کە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری عەلی خامنەییدان.
وەزارەتی خەزێنەداری و بازرگانی ئەمریکا، ئەو ڕێکخراوانە بە سەرچاوەی داهاتی زۆر بۆ پشتیوانی عەلی خامنەیی و هەروەها بۆ دابینکردنی پارە و پشتیوانیی ماڵی لە گرووپە تێرۆریستەکانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران و بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ئێران و پێشێلکردنی مافی مڕۆڤ ناودەبا و بە هەموو جۆرێک گەمارۆیان دەخاتەسەر.