ساڵانە بە دەیان ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر بەهۆی گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، بە ناچار وڵات بەجێدەهێڵن یان ڕوو دەکەنە کرێکاریی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، “مەسعوود کازمی” ڕۆژنەمەنووس و سەرنووسەری حەوتوونامەی “صدای پارسی” کە ساڵانێکی زۆر لە ڕۆژنامەکانی قانون و شەرق کاری کردووە، باسی لە دۆخی ژیانی خۆی لە پاش ئازادبوون لە بەندیخانەدا کرد و بە بڵاوکردنەوەی وینەی خۆی، لە ئینستاگرامەکەیدا لە کاتی کرێکاریدا وتی: “بەهۆی ئەوەی لە بەر چالاکییە ڕۆژنامەوانێکانم بە بڕیاری دەزگای قەزایی کارکردنم لە چاپەمەنی لێ قەدەغە کرا و نەمتوانی بگەڕێمەوە دنیای ڕۆژنامەوانی و لەو بوارەدا چالاکیی بکەم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕووم کردووەتە کاری ڕەنگکاری”.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا بە دەیان ڕۆژنامەنووس هاوشێوەی “مەسعوود کازمی” لە ئاکامی گوشارەکانی هێزەکانی ڕێژیم، بە ناچار وڵاتیان بەجێهێشتووە و کارەکەیان لە دەستداوە یان خراونەتە بەندیخانەکانەوە و حوکمی درێژ ماوەیان بە سەر داسەپاوە و ئەم دۆخە نالەبارە لە ڕاگەیەنە گشتییەکانی جیهاندا دەنگی داوەتەوە.
ڕێکخراوەی هەواڵنێرانی بێسنوور لە دوایین ڕاپۆرتی سالانەی خۆیدا بڵاویکردەوە کە ئێران لە بواری ئازادیی چاپەمەنییەکان، لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، پلەی ١٧٠ی هەیە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە هەر دەم دەنگی جیابیرانی کپ کردووە.