کوژانەوەی کارەبا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی مەشهەد و تەورێز وێڕای بڕینی کارەبای ٢هەزار و ٣٠٠ کارگە لە شارەکی پیشەسازیی لە تاران، بەرەوە زیاد بوون دەچێ.
لە ئێوارەی سێشەممە و بەیانی ڕۆژی چوارشەممە بێجگە لە پچڕانی کارەبای تاران، لە ناوچە جیاوازەکان و شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانیش کارەبا پچڕاوە و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی مەشهەد و تەورێزیش بە تەواوی بێ کارەبان.
بەڕێوەبەری شارەکەکانی پیشەسازیی تاران ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەی کە لە پڕدا زیاتر لە ٢و ٣٠٠ کارگەی پیشەسازیی بێ کارەبا بوون، وتی: هۆکاری پچڕانی کارەبا دەرهێنانی دراوی ئەلیکترۆنیکی “بیت کوین” بووە.
“عەلیڕەزا کاشی” وتەبێژی کۆمپانیای دابەشکاری کارەبای مەشهەد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرێوەبەریی دابەشکردنی کارەبا بەو شێوەیە هەنگاوێکی ناچارییە و بێجگە لەوە هیچ چارەسەرێکی دیکەمان نییە، ئەگەر جاروبار کارەبا نەبڕین لە داهاتوودا لەگەڵ بێ کارەبایی ڕووبەڕوو دەبینەوە.
هەروەها ناوبراو وتی: لە ئێستادا بەپێی بڕیارەکانی تاران و بەپێی ئاستی پێداویستیی هەر ناوچەیەک کارەبا دابەش دەکرێ هەر بۆیە لەهێندێک شوێن پچڕانی کارەبا بەشیوەی چاوەڕوان نەکراوە ڕوودەدەن.