لە درێژەی دەسبەسەر کردنەکان لە کوردستان پێنج هاووڵاتیی دیکە لە هەورامان، مەریوان و مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، دوو هاونیشتمانیی بە ناوەکانی “سیامەک ئەدوایی و ئەکرەم ئەدوایی ” خەڵکی ئاوایی سڵێن سەر بە هەوارامان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازران.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک و کەسێک بە ناوی “جەبار پیرۆزی” خەڵکی ئاوایی سەردۆش سەر بە مەریوان دەسبەسەر دەکەن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووش دا کەسێک بەناوی “سەلمان ئەدوایی” خەڵکی سەوڵاوا دەسبەسەر کراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری مهاباد، چالاکێکی هونەری شانۆ بە ناوی “سۆران حوسێن زادە” بەبێ هیچ بەڵگەیەکی ڕوون دەسبەسەر دەکرێ و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دەسبەسەر کراوانە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە
شایانی باسە کە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٥هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەردەشت، مەریوان، هەورامان، کەرەج، بۆکان و مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.