وەزارەتی دادگوستەری ئەمریکا، ٣ کەسی ئێرانی بە تۆمەتی هەناردەکردنی کەلوپەل بۆ ئێران و دەور لێدانی گەمارۆکان خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە دژی ٣ هاوڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی کەلوپەل بۆ ئێران و دەور لێدانی گەمارۆکان بە دژی ئێران، سکالای تۆمار کردووە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە ئەو سێ کەسە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ی زایینی، بە هەڵخەڵەتاندنی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان کەلوپەلی زۆر پێشکەوتووی، بەرهەمی ئەمریکایان لە ڕێگای ئیماراتەوە هەناردوەتەوە بۆ ئێران.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی” ئارەش یووسفی جەم و ئەمین یووسفی جەم” کە هەردووکیان دانیشتووی وڵاتی کانادان دەسبەسەر کراون و کەسی سێهەم بە ناوی ” عەبدوڵا مۆئمێنی” دانیشتووی ئێرانە کە تائێستا دەسبەسەر نەکراوە.
وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو تۆمەتانە لە سەر ناوبراون ساغ ببێتەوە هەر کەس بە ٥ ساڵ بەندکران و ٢٥٠هەزار دۆلار پێبژاردن و بە هۆی پێشیلکردنی یاساکانی هەناردەکردن و دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە ٢٠ ساڵ بەندکران و ٥٠٠هەزار دۆلار پێبژاردن سزا دەدرێن.