محەممەد جەواد زەریف دەڵێ: ئەگەر گەمارۆکان لە سەر ئێران لانەچێ ئێران پێبەند نابێ بە بەڵێنەکانی لەو ڕێککەوتنە و ئەو ڕێککەوتنە تەنیا بە قازانجی ئەمریکایە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: ئەگەر جۆبایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، گەمارۆکان لە سەر ئێران لا نەبا ئەوە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام ” تەنیا لە قازانج و بەرژەوەندیی ئەمریکایە و کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار نییە پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی “بەرجام”دا.
زەریف لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: یەکەمین مەرجی ئێمە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” ئەوەیکە ئەمریکا و ئورووپا هەوڵ بدەن پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ جیهاندا ئاسایی بکەنەوە و هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لاببەن.
ناوبراو هەروەها وتی: ئەگەر جۆبایدن بڕیاری لا بردنی گەمارۆکانی واژۆ کرد ئێمەش واژۆی دەکەین، هەرکاتیش ئەمریکا بڕیارەکانی خستەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوە ئێرانیش پێبەند دەبێ بە بڕیارەکانی ڕێککەوتنی بەرجام.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە دەبێ ئەمریکاییەکان و ئورووپاییەکان ئەوە بزانن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکجار وتووێژی کردووە و هاتوەتە ناو ڕێککەوتنەکەوە و بۆ جاری دووهەم وتووێژ ناکەین.