کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
حەمەحوسێنخانی شێرخانی، باوکی شەهید حەمەدەمین شێرخانی ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی بەفرانبار بەهۆی پیری و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
شەهید حەمەدەمین شێرخانی، یەک لە ئەندامانی ڕێبەریی چریکە فیداییەکان و یەک لە نوێنەرانی سازمانی چریک لە هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو کە دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، ساڵی ١٣٦٤ لە زیندانێکی شاری تاران گوللەباران کرا.
کاک حەمەحوسێنخانی شێرخانی، باوکی کاکە مینە شێرخانی بۆخۆیشی مرۆڤێکی خەباتکار، نیشتمانپەروەر، خەڵکخۆشەویست و جێی متمانەی ناسیارانی، بەتایبەت خەڵکی بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەری بوو. کاک حەمەحوسێنخان تا دواتەمەنی باری دوو خەمی قورسی لەگەڵ خۆی دێنا و دەبرد، یەکەمیان خەمی بندەستیی نیشتمانەکەی و ئەویتریان خەمی جوانەمەرگبوونی کوڕەکەی بوو. “دەگوترێ کاتێ پێش ئیعدامی کوڕە قارەمانەکەی، لە زیندانی کۆماری مەلاکاندا چۆوە چاوپێکەوتنی، چەند جاری گوت “کاری وەک ئەوەی تۆ تەنیا لە مرۆڤی ئازا دەقەومێ” و بە فرمێسکی زیندانیکراوی نێو چاوەکانیەوە ماڵئاوایی لێ کرد نەکا ورەی بشکێنێ، وەک نەیشکاند” و مینەی کوڕی سەری بەرزی بردە بن دار، بەڵام چۆکی دانەدا و دەستی بەر نەدایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک حەمەحوسێنخان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.