به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کتێبخانه گشتییه‌کانی کۆیه له ڕێوڕه‌سمێک دا ڕێزی له ته‌مه‌نێک خزمهتو تێکۆشانی ئهدهبیو سیاسیی مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده گرت.
له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا که دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه، ١٤ی به‌فرانبار به‌به‌شداریی سه‌دان که‌س له که‌سایه‌تییه سیاسی، ئه‌ده‌بی، ڕووناکبیریو ڕۆژنامهنووسانو میدیاکاران له ساڵۆنی کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌لای گه‌وره به‌ڕێوه‌چوو، باس له خزمه‌ته ئه‌ده‌بییه‌کانی مامۆستا عه‌بدوڵلا حهسهنزادهو کهسایهتیو به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ناوداره‌ی کورد کراو؛ دیاری‌و چه‌پکه گوڵی ڕێزلێنانی پێشکێشکرا.
له سه‌ره‌تای ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا دوکتور عوسمان ده‌شتی، نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆ باسێکی کورتی له ژیان‌و به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا حه‌سه‌نزاده کرد‌و بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کتێبخانه گشتییه‌کانی کۆیه‌ی بۆ گرتنی ئه‌و کۆڕی ڕێزلێنانه به‌رزنرخاند. دواتر وته‌ی ده‌ستپێکی کۆڕه‌که له‌لایه‌ن چابوک عومه‌ر، قایمقامی شاری کۆیه پێشکێشکرا.
شێخ چابوک له باسه‌که‌یدا چۆنیه‌تیی ناسینی مامۆستای سه‌ره‌تا له ڕیی بهرههمهکانیو، دواتر ناسینی له نیزکه‌وه باس کرد‌و گوتی مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده، سیاسه‌تمه‌دار، پێشمه‌رگه، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس، وه‌رگێرو زمانزانی گه‌وره‌ی کورد، سامانی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی کورده‌و ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ی ئه‌مڕۆ لانیکه‌می پێزانینێکه که ده‌بێ بۆ ئه‌و زاته‌مان هه‌بێ.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا په‌یامی وه‌زاره‌تی لاوان‌و ڕۆشنبیریی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕێزلێنان له مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده له‌لایه‌ن نه‌وزاد جه‌لال، به نوێنه‌رایه‌تیی وه‌زیری ڕۆشنبیری خوێندرایه‌وه.
نه‌وزاد جه‌لال له‌گه‌ڵ به‌رزنرخاندنی خزمهتو تێکۆشانه سیاسی‌و ئه‌ده‌بییه‌کانی مامۆستا حه‌سه‌نزاده باسی له هه‌ندێک له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی مامۆستا له نووسین‌و وه‌رگێڕاندا کرد.
له درێژه‌ی بڕگه‌کانی ئه‌و ڕێوڕسمه‌دا پهخشانهشێعرێک له‌لایه‌ن ڕه‌هبه‌ر سه‌ید برایم، که‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بیی شاری کۆیه‌و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی له کۆیه له په‌سنی مامۆستادا خوێندرایه‌وه.
“ئه‌و پیاوه‌م ئاوا ناسی”، ناونیشانی بابه‌تێک بوو که دوکتور ئازاد ئه‌حمه‌د، مامۆستای زانکۆ له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پێشکێشی کرد.
دوکتور ئازاد ئه‌حمه‌د له قسه‌کانیدا باسی له گرینگی‌و بایه‌خی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ی کرد‌و گوتی به حه‌ق ده‌کرێ نووسین‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده به به‌ردی بناغه‌ی زمانی کوردی دابنرێ. به‌ڕێزیان له به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌که‌یدا ئاوڕی له چۆنیه‌تیی ناسینی مامۆستا دایه‌وه‌و گوتی ئه‌من ئه‌گه‌رچی له بنه‌ماڵه تێکۆشهرهکهمدا فێری کوردایه‌تی ببووم، به‌ڵام زمانی کوردی له مامۆستا حهسهنزادهو نووسینه‌کانی ئه‌و فێربووم.
قادر وریا، مامۆستای زانکۆ‌و ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆڕگێڕێکی دیکه‌ی ئه‌و کۆڕه بوو که باسه‌که‌ی له ژێر ناوی ” چێژی نووسین له زمان‌و وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده”دا پێشکێش کرد.
قادر وریا له به‌شێکی قسه‌کانیدا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستا له نێوان سیاسهتو ئه‌ده‌بییاتدا گوتی بە زەحمەت دەتوانین بڵێین حەسەنزادە، زیاتر کەسێکی سیاسییە یا مرۆڤێکی ئەدیب. زۆرکەس خۆزگەیان خواستوە کە مامۆستا حەسەنزادە ئەوەندە خۆی بۆ سیاسەت تەرخان نەکردباو، تەنیا بە کاری نووسین‌و وەرگێڕان‌و ئەدەبیاتەوە خەریک ببا. من لەوانەم کە خۆزگە دەخوازم هەموو سیاسییەکان بە تایبەتی سەرکردەکان‌و کەسایەتییە شوێندانەرەکانی مەیدانی سیاسەت بە قەرا حەسەنزادە ئەدیب‌و ئەدەبدۆست بن‌و هیندی ئەو لە ئەدەبیات بزانن بۆ ئەوەی نووسین‌و ئەدەبیاتی سیاسیی خۆیان‌و حیزبەکانیان، ئەوەندە ڕەزاگران نەبێ. ئەدیببوونی حەسەنزادە نەک هەر زیانی بە نووسین‌و وەرگێڕانی ئەو نەگەیاندوە، بەڵکوو بەرهەمەکانی ئەویان جوانتر کردوە.
قادر وریا هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا گوتی: ئەم توانا ئەدەبییە، لە کاری وەرگێڕانیشدا خزمەتی زۆری بە زمانی مامۆستا حەسەنزادە کردوە. یارمەتیدەری وەرگێڕ بووە زووتر شێوازی نووسەر بدۆزێتەوەو لە هەمان سەبک یا شێوازدا بیکاتەوە کوردی. بە جوانی لە زەرافەتی سه‌نعه‌ته ئهدهبییهکانو تەکنیکە زمانییەکانی نێو دەق تێ بگا. هاندەری بوون بۆ ئەوەی داهێنەرانەو بە بڕوابەخۆبوونەوە نەک لاساییکەرەوانە، کایە ئەدەبییەکانی نووسەر بگوازێتەوە بۆ نێو وەرگیڕانەکەی خۆی.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا نووسه‌ر، وه‌رگێڕو شاعیری هه‌ستناسک ڕه‌سووڵ سوڵتانی چه‌ند به‌رهه‌می شێعریی خۆی له پهسنو خۆشه‌ویستیی مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده، وەک پێشمەرگەی نیشتمانەکەی خوێنده‌وه.
دوایین وتاری ئه‌و کۆڕه مامۆستا فازیڵ شه‌وڕۆ پێشکێشی کرد که وتارێک بوو له‌ژێر ناوی” قه‌ڵه‌مێک به‌باڵای قه‌ندیل، به‌رزو شکۆدار.”
وتاره‌که‌ی مامۆستا فازیڵ پێشرهویش جیا له باس له چۆنیه‌تیی ناسینی مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده، هه‌ڵسه‌نگاندێکی نێوهڕۆکو بایه‌خه ئه‌ده‌بییه‌کانی به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا‌و جێگه‌و پێگه‌یان له نێو مێژووی وێژه‌ی کوردی‌دا بوو.
دوابه‌دوای پێشکێش‌کردنی باس‌و بڕگه‌کانی ئه‌و کۆڕی ڕیزلێنانه، مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده‌ش له وته‌یه‌کی کورت‌دا سپاس‌و پێزانینی خۆی پێشکێش به ڕێکخه‌رانی کۆڕه‌که کرد‌و هه‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و کۆڕیاده ده‌ربڕی. دواجار ڕێکخهرانو به‌شدارانی کۆڕه‌که به پێشکێش‌کردنی دیاری‌و چه‌پکه‌گوڵ به مامۆستا حه‌سه‌نزاده، ڕێزیان له ته‌مه‌نێک خزمهتو تێکۆشانی به‌بایه‌خی ئه‌و به سیاسهتو ئه‌ده‌بییاتی کوردی گرت.