ڕێکخراوی نیزام پزیشکی ڕێژیم لە کاردانەوە لەسەر قسەکانی عەلی خامنەیی کە وتبووی پێکوتەی کۆرۆنای ئەمریکایی و بریتانیایی بۆ ئێران قەدەغەیە،ڕایگەیاند کە، خەڵکی ئێرانیش وەکوو وڵاتانی دیکە پێویستیان بە پێکوتەی کۆرۆنا هەیە.
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نیزام پزیشکی، بەجەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە دەبێ پێکوتەی کۆرۆنا دابین بکرێ، وتی: لەئەگەری درەنگ کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا ئەو پێکوتەیە کاریگەری نامێنێ و لە وڵاتەکەمان کارەسات ڕوو دەدا.
زەفەرقەندی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵیدا ڕایگەیاند؛ گرینگی کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا لە ڕێگەی پێکوتەی ئەمریکایی و بریتانیایی، بەباڵای کەسی تایبەتدا نەبڕاوە و بەرژەوەندی و تەندروستی گشتیی خەڵک گرینگترە.
ناوبراو هەر لەم بارەیەوە وتی: بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئێمەش دەبێ وەکوو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە پێکوتەی کۆرۆنا بێبەش نەبن، لەبەر ئەوەی ئەگەر پێکوتەی کۆرۆنا پشتگوێ بخرێ کارەساتی مرۆیی ڕوو دەدات، پێم سەیرە لەسەر قسەی یەک کەس میلیۆنان کەس تووشی کارەساتی کۆرۆنا بن.
زەفەرقەندی ئەو هوشدارەی لەسەر ئەوە داوە کە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، فەرمانی کردبوو کە هاوردە کردنی پێکوتەی کۆرۆنای ئەمریکایی و ئینگلیزی بۆ ئێران قەدەغەیە، دوابەدوای ئەوەش ڕێکخراوی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە کڕینی پێکوتەی کۆمپانیای “فایزێر” بەتاڵ بۆتەوە.