ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی “سەنعەتی شەریف”ی تاران، هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی کارەساتی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە، بە ڕەخنەگرتن لە چەواشەکانی حکوومەتی ئێران لەبارەی سەرکوت و کوشتاری هاووڵاتییان، ڕووبەدەسەڵاتدارانی ڕێژیم ڕایانگەیاند بەڕوونی و بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بە تەواوی لێتان بێزارین.
ئەو ئەنجوومەنە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: ئێستا ڕۆژگارێکە کە ئیدی دەبێ دەنگی کپ کراوی خۆمان بەرز کەینەوە و داوای مافی ڕەوای خۆمان بکەین، دەبێ ئیدی بە کردەوە دەنگی خۆمان هەڵبڕین و گردبوونەوەی گشتیی لەهەمبەر نادادپەروەری و زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئێران بەڕێوە ببەین.
خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، بێجگە لە ناڕەزەیەتیی لە هەمبەر کوژرانی ١٧٦کەس لە کارەساتی تێکشکانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک خرایە خوارەوە، تیشکیان خستەسەر کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی سەرتاسەری ساڵی ڕابردوو و دژبە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەڵوێستی توندیان نواند.
ئەو بەیاننامەیە دەڵێ: هەر لە ئێستاوە کە ساڵوەگەڕی کارەساتی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکەیە بە ڕاشکاوانە و بە بێ دوودڵی ڕایدەگەیەنین کە ئێمە و کۆمەڵگەی گشتیی ئێران بێزارین لێتان و چیدیکە ئێوەمان قەبووڵ نییە و درۆ و چەواشەکاری و کوشتاری بە کۆمەڵتان هەموو خەڵکی کۆمەڵگەی ئێرانی بریندار کردووە.