ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بە کرێگیراوەکانییەوە بێڕێزی بە هونەرمەندان و هێما ناودارەکانی گەلی کورد دەکات و بێ ئاگایە لەوەیکە مێژووی گەلی کورد پڕە لەسەروەری و بە دژایەتی کردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرۆزییان کەم نابێتەوە.
دوای شێواندنی گڵکۆی هونەرمەندی نەمر “محەممەد ماملێ” لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی تارانەوە، ئەمجارە لە شاری سەقز دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران بێڕیزیان بە تابڵۆی “مەولەوی کورد” شاعیری گەورەی کوردستان کرد و وێنەکەیان شیواندووە.
کەسانی نەناسراو کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە سەربە سپای پاسدارانن، لە شاری سەقز تابڵۆ و وێنەی شاعیری نەتەوەیی کوردستان “مەولەوی کورد”یان تێکدا و شکاندوویانە.
جێی ئاماژەیە کە، چەند ڕۆژ پێشتریش لە مەهاباد بەهەمان شێوە بێڕێزی بە گڵکۆی “محەمەد ماملێ” هونەرمەندی نەتەوەی کورد کرابوو، ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی زۆری خەڵک بەتایبەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەوە و خەڵک بە کۆمەڵ چوونە سەر گڵکۆکەی و گوڵبارانیان کرد، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ وا بە ئاسانی کلتوور و فەرهەنگی نەتەوەیەک بسڕێتەوە.












