پۆمپێئۆ: بەڵگەگەلێکمان لە بەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ١٩٧٨تا ١٩٨٧ی زایینیی بازرگانی بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیایی کردووە لە دەورانی شەڕی وڵاتانی”لیبی و چاد”دا.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شەوی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێرەکەی دەنووسێ: ئەمریکا بەڵگەگەلێکی لە بەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران کەڵکی لە چەکی کیمیایی وەرگرتووە و بازرگانی پێوە کردووە و ئەم زانیاریگەلەی تائێستا شاردۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی هەواڵی”ئێران ئینتێرناشناڵ” وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێژیمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکا کە لە کاتی شەڕی نێوان وڵاتانی “لیبی وچاد” لە ساڵەکانی ٨٠ی زاینییدا بازرگانی بە چەکی کیمیایی کردووە و چەکی کیمیایی فرۆشتوە بە سەرهەنگ” مەعمەر قەزافی” ڕێبەری وڵاتی لیبی.
بەوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە دوای ڕووخانی ڕێژیمی قەزافی لە وڵاتی لیبی، هێندێک چەکی کیمیایی بیندراونەتەوە کە بە زمانی فارسی لە سەریان نووسراوە و لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە کاتی شەڕی ٨ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئێران وعێراق، ڕێژیمی ئێران بەچەکی کیمیایی”گازی خەردەل” هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکانی بەرەی شەڕ لە “بەسرە” و کارناسانی بواری سەربازیی لە ئەمریکا خۆمپارە کیمیاییەکانیان لە شارەکانی عێراق بینیوەتەوە کە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئێران لە چەکی کیمیایی کەڵک وەردەگرێ و بازرگانی پێوە دەکا.
شایانی باسە کە مانگی ڕابردوو ئەمریکا گەمارۆگەلێکی خستە سەر وەزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئێران و پێی وایە کە ئێران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاییە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ خەڵکانی ناڕازی لە ئێراندا.












