سەلاح ئەلعەبیدی، وتەبێژی ڕەوتی سەدر لە عێراق وتی: چارەسەرکردنی کێشەی هێرش بۆ سەر ناوندە دیپلۆماتیکییەکان لە عێراق، لە ئەرکەکانی دەوڵەتە و دەبێ بە خێرایی چارەسەری بکا.
وتەبێژی ڕەوتی سەدر” سەلاح ئەلعەبیدی” لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی فەرمی عێراق”واع” بە ئاماژە بەوەیکە هەموو شیعەکانی عێراق لە ژێر فەرمانی ڕێژیمی ئێراندا نین وتی: هەڵبژاردنی دوو وەزیری بەرگری و ناوخۆ لە لایەن مستەفا کازمییەوە کارێکی بوێرانە بوو.
ناوبراو دەڵێ: ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە بەهۆی هێرشەکانی سەر ناوەندە دیپلۆماتیکییەکان لە عێراق ئەم وڵاتە تووشی قەیرانێکی دارایی زۆر بووە و بەرەو لێواری داڕمان دەڕوا و دەبێ هەموو لایەنەکان بە تایبەتی دەوڵەتی فەرمیی عێراق هەوڵی تەواویی خۆی بۆ چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە بدا.
ئەلعەبیدی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماتیکەکان بە تایبەتی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا درێژەی هەبێ، دەبێ بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری عێراق و لەو نێوانەدا ئەوی کە زیاتر تووشی نەهامەتی دەبێ خەڵکی ئەو وڵاتەن.
ناوبراو دەڵێ: زۆرێک لە هەواڵدەریی و میدیاکان بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە بڵێن هەموو شیعەکان لە عێراقدا سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەڵام ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی و ڕەوتی سەدر تەنیا سەروەری خاکی عێراق دەپارێزێ.












