وەزیری دەرەوە ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئەمریکا تا ئێستا ٤٨٠میلیۆن دۆلاری وەکوو هاوکاری ماددی بە کوردانی ئێزیدی و کەمینە ئاینییەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان داوە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نادیا موراد، ئەو کچە ئێزیدییەی کە لەدەستی داعش ڕزگاری بوو، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، وڵاتەکەی بەشێوەی کردەیی یارمەتی ماددی ئێزیدییەکانی داوە.
ناوبراو لەو پەیامە تویتێرییەدا باسی لەوە کردووە کە، بەڵێنییەکانی ئەمریکا کردەیی بوون و زیاتر لە ٤٨٠میلیۆن دۆلار یارمەتی ئێزیدی و کەمینە ئاینییەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەدەستی تێرۆریستانی داعش ڕزگاریان بووە.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەمریکا لە کاتی شەڕی داعشدا بەردەوام یارمەتی ئەو خەڵکانەی داوە کە بەهۆی شەڕەوە تووشی کارەساتی مرۆیی بوون و خواردن و کەلوپەلی سەرەتایی بۆ دابین کردوون.