ئیسرائیل، سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئەرتەشی سووریە لە گەڵ میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی دەرکردنی حیزبوڵای لوبنان لەو وڵاتە هوشداری بە ئەرتەشی سووریەدا.
فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و ڕاگەیەنراو لە چەندین ناوچەی باشووری سووریە، هوشدارییان بە هێزەکانی سووریە داوە کە لە کارکردن و پێوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەست هەڵگرن.
چاوەدێرانی سیاسی ئەم هەوڵەی ئیسرائیل، بە هەنگاوێکی کەموێنە دەزانن کە هەڵگری پەیامێکە تەنیا نایهەوێ میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەر بکات بەڵکوو خوازیاری دەرکردنی حیزبوڵای لوبنانیشە لەو وڵاتە.
لەو هەزاران تراکتانەدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، ڕوو بە ئەرتەشی سووریە نووسراوە: “سەرەڕای ئەوەیکە پێشتریش بە ئێوەمان ڕاگەیاندبوو بەڵام هەر درێژە بە هاوکاریکردنی حیزبوڵای لوبنان دەدەن و ئیزن دەدەن کە بێنە نێو ڕیزەکانتان و بەو کارە ژیانی خۆتان و خەڵک دەخەنە مەترسییەوە، لە کاتێکدا کە هیچ پێویستییەکتان بەو هێزانە نییە، ئێوە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی حیزبوڵا وەک خزمەتکردن بە باشووری سووریە دادەنێن کە تەواو دوور لە ڕاستییە و جۆرێک دووڕووییە”.
جێی ئاماژەیە کە بڵاوکردنەوەی ئەو تراکت و بڵاوکراوانە یەک ڕۆژ دوای هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ناوچەکانی سووریە و هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا ڕوویداوە.