حاجی عوسمان شەریفی، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە گوندی “سارتکە”ی سەربە ناوچەی ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،چەند ڕۆژ لەمەو پێش کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی ڕەبەت، حاجی عوسمان شەریفی ناسراو بە عوسمانی حاجی عەلی، لە گوندی سارتکە سەربە ناوچەی ڕەبەت بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
حاجی عوسمان، شۆرای گوندی سارتکە و کەسایەتیی خۆشناوی ئەو ناوچەیە بووە کە خەڵکی ناوچەکە ڕێزێکی تایبەتیان بۆ ناوبراو هەبووە و بە هۆی کەسایەتییە بەرزەکەیەوە جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بە گشتی بووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی حاجی “عوسمان شەریفی” سەرە خۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.