بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی هەلی کارەوە دۆخی کۆمەڵگە وای لێهاتووە کە خۆکوژییەکان ڕوولە هەڵکشان بێت و بە خۆکوژیی دووکەس لە بۆکان و ئیلام، بە گشتی ٦ کەس لە کوردستان لە یەک حەوتوودا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە سێ کەسیان کچی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بوون.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵانە خەڵکی بۆکان بەناوی “ڕەشید کورد” لە یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی نێوان کوڵتەپە و شارەکی فەرهەنگیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژێک دواتر پیاوێکی تەمەن ٣٧ ساڵ دانیشتووی “سەرابلە”ی سەربە شاری ئیلام بە هۆی خواردنی حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.