هاووڵاتییەکی خەڵکی مهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا و زیندانییەک دوای تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گوازراوە.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “شەپۆل خزرپوور” و دەسبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە، شەپۆل خزرپوور، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراوە و تا کاتی ئامادەبوونی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
هەر وەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “ئومید مەعرووف” خەڵکی شنۆ، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوازراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەز، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردبوو.











