بە سیاسیی کردنی کۆرۆنا و تەندروستیی ئێرانییەکان لە لایەن خامنەییەوە کاردانەوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ولێبوردنی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە.
یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کاردانەوە بە قسەکانی خامنەیی لە هەمبەر قەدەغەکردنی هاوردەی پێکوتەی دژە کۆرۆنا ڕەخنەی توندی لە ناوبراو گرت و دەڵێ: داوا دەکەین ئەم پێکوتەیە کە دەسکەوتێکی گەورەی پزیشکییە بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی، با لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نەکرێتە باسێکی سیاسیی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، مایکل ڕایان، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کاردانەوە لە هەمبەر قسەکانی عەلی خامنەیی وتی: ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشتر داوای لە هەموو وڵاتان کردووە کە باسی تەندروستی بە سیاسیی مەکەن.
ناوبراو لە درێژەی کۆنفڕانسەکەدا وتی: ئێستا کە پێکوتەی ئەم پەتا کوشەندەیە بە هەوڵی پسپۆڕانی بواری پزیشکیی و کۆمپانیا بە نێوبانگە جیهانییەکان لە بواری بەرهەمهێنانی دەرماندا بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و پێشگرتن لە کارەساتی مرۆیی بەرهەم هاتووە و لە بەردەستدایە، زۆر عەیبە کە ڕێبەری وڵاتێک بڵێ ئێمە باوەڕمان بەو پێکوتەیە نییە و هاوردەکردنی لە ئەمریکا و بریتانیا قەدەغە دەکەین. لە لایەکی دیکەوە ڕیکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی قسەکانی خامنەیی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناوبرد و بە توندی مەحکوومی کرد.