نوێنەری خامنەیی لە ڕێکخراوی بەسیج: بۆ ڕاکێشانی بیر و ڕای خەڵک بۆ لای سیاسەتەکانی ڕیژیمی ئێران، چەندین هەزار لاپەڕەمان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردۆتەوە.
محەممەد ڕەزا تویسرکانی، نوێنەری عەلی خامنەیی، لە ڕێکخراوی بەسیج بە ئاماژە بە چالاکییەکانی ١٥٠هەزار مەلا لە ڕێکخراوی بەسیج، هەواڵی دامەزراندنی چەندین لاپەڕەی فەرمیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پشتڕاستکردەوە وتی: لە ڕێکخراوی بەسیج بە مەبەستی پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بۆ ڕاکێشانی بیروڕای خەڵک بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هاوکاریی هێزەکانی بەسیج چەندین هەزار لاپەڕەمان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردۆتەوە.
تویسرکانی لەم پێوەندییەدا وتی: کاتێک لایڤێکی ئاسایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینێستاگرام چەند میلیۆن کەس دەیبینێ، بۆ ئێمە نەتوانین لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران کەڵک وەربگرین.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: دەبێ مەلا بەسیجییەکان بەخەڵک بسەلمێنن کە بێچارەیی و نەداری و نەهامەتی و گیروگرفتەکانی کۆمەڵگەی ئێران هیچ پێوەندییەکی بە ئیسلام و ئاخوندەکانەوە نییە و دەبێ هەر هەموومان هەوڵ بدەین لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان خەڵکی توڕە لە گەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەهاکانی ڕێژیم ئاشت بکەینەوە.












