فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران،هەڕەشە نامەیەکی قاسم سولەیمانی ئاشکرا کرد کە، ساڵی ٧٨ی هەتاوی بە واژۆی فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆ “محەممەد خاتەمی” ناردبوو و داوایان کردبوو کە هەڵسووکەوتی توند بگیردرێتە بەر بۆ سەرکوتی خۆپێشاندانەکان.
محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی “فارس” کە سەربە سپای پاسدارانە درکاندی کە: قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی هێزی قودسی سپای پاسداران، نووسەری ئەو هەڕەشە نامەی فەرماندەکانی سپای پاسداران بووە کە بۆ “محەممەد خاتەمی” لە ساڵی ٧٨ی هەتاوییدا نێردرابوو و هەر بۆ خۆشی واژۆکانی کۆ کردبووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە، قاسم سولەیمانی ڕۆڵی سەرەکیی لە نووسینی ئەو نامەیەدا هەبووە و داوای کردووە کە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری خۆپێشاندەران ببنەوە و ئەشکەنجە بدرێن. ناوەرۆکی نامەکە ئەوە بوو کە، ئەگەر ناوەرۆکی ئەو نامەیە جێبەجێ نەکرێ ئەوە ئێمە وەکوو فەرماندەکانی سپا بەشێوەیەکی دیکە هەڵسووکەوت دەکەین.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی حەشدی شەعبی و عێراقیی بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەرانی وڵاتەکەیان کەڵکیان لە ئەزموونی قاسم سولەیمانی وەرگرتبوو.












