بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تەلەڤیزیۆنی “ئەلجەزیرە” ،جۆ بایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، “برێت مەککۆرگ”ی وەکوو نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقا دیاریکرد.
برێت مەککۆرگ دیپلۆماتکاری تەمەن ٤٧ساڵان و نوێنەری دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا لە کاروباری عێراقە و بەتوندترین شێوە دژایەتیی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بوونی سپای پاسداران لە عێراق و سووریە و هەروەها دژایەتیی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
هەواڵنێری “تەسنیم” سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دووساڵ لەمەوبەر لەبارەی برێت مەککۆرگ نووسیبووی: ناوبراو کەسێکی ئەمنیتییە و بە ڕواڵەت دیپلپماتکارە کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر بوونی سپای پاسداران و ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتۆتە ئەو ناوچەیە.
جوزێف لیبێرمەن سێناتۆری دێموکراتەکانی ئەمریکا لە بابەتێکدا ئاماژە بە سیاسەتێکی بەهێز و زیرەکانە دژبە ڕێژیمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە دەدا کە، ساڵەهایە لەلایەن هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتەوە لە واشینگتۆن پەیڕەو کراوە، و بە هەڵبژاردنی مەککۆرگ وا دەردەکەوێ کە هەر دوو حیزب ئێستاش خوازیاری درێژەدانی هەمان سیاسەتی ناوبراون.