ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە لەبارەی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند، کورد دەتوانێت هێزەکانی دەوڵەتی ناوەند لە قامیشلۆ بکاتە دەرەوە.
بەگوێرەی نووسراوی “پەیاما کورد”، ساڵح موسلیم هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریە بەوە تۆمەتبار دەکات کە گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە لە شاری قامیشلۆ دروست دەکەن و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە دەتوانن هێزەکان لەو شارە بکەنە دەرەوە و بۆ ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە پێویستیان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە.
شایانی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قامیشلۆ گرژی لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندیی سووریە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا و بەهۆی پێکدادانەکانیشەوە ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆسەر بارەگای هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیان گەمارۆ دابوو بەڵام بە نێوەندگیریی ڕووسیە گەمارۆکەیان هەڵگرت.