ڕەزایی بە هەواڵدەرییەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی گوت: ئێمە دەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا، ڕێککەوتنەکانمان لە سەر کاغەز وەلابنێین.
موحسێن ڕەزایی، سکرتێری کۆری دیاریکردنی بەڕژەوەندییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: جۆبایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بە هۆی پشتیوانیی دەنگی ٧٣ میلیۆن کەس بە دۆناڵد ترامپ، ناوێرێ، گەماڕۆکان لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لاببا.
ڕەزایی وتی: ڕێککەوتنەکانی سەر کاغەز لە هیچ شوێنێکی مێژوو دەرناکەون و دەبێ دیپلۆماسی کاغەزی و ڕێککەوتنی سەر کاغەز وەلابنێین و لە ئێستاوە تا ئەو کاتەی کە بە کردەوە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرانبەرمان بە چاوی خۆمان نەبینین، نابێ باوەڕ بە هیچ بەڵێنییەک بکەین و پێویستیش ناکا ئێمە بەڵێنییەکانمان جێبەجێ بکەین.
ناوبراو دەڵێ: ئەو هێزە زۆرە ٧٣ میلیۆن کەسییە کە لە پشتی ترامپ ڕاوەستاوە، تەنانەت ئەگەر جۆبایدن بێهەوێت گەمارۆکانی سەر ئێرانیش لاببا بوێری ئەو کارەی نییە و ناتوانێت گەمارۆکان لاببا یان هەڵیانپەسێرێ.