خامنەیی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕوولە خەڵکی ئێران وتی: هاوردەکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ ئێران قەدەغەیە.
ناوبراو وتی: من بە بەرپرسانی وڵاتم ڕاگەیاندووە کە هاوەردەکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە ئەمریکا و بریتانیا قەدەغەیە و ئێستاش بە شێوەیەکی گشتی ڕایدەگەیێنم کە هاوردەکردنی پێکوتە لەم وڵاتانە قەدەغەیە و هەرکەس ئەم کارە بکا لێپێچینەوەی لێدەکرێ.
خامنەیی لە درێژەی پەیامەکەیدا بە تاوانبار ناوبردنی ئەمریکا وتی: ئەگەر ئەمریکا دەتوانێ پێکوتەی دژەکۆرۆنا بەرهەم بێنێ بۆ نایدا بە خەڵکەکەی خۆی کە ڕۆژانە ئەو هەموو کەسە لەو وڵاتە دەمرن، بۆ دەیدات بە وڵاتی ئێمە.
عەلی خامنەیی دەڵێ: بەڕاستی من باوەڕم بە وڵاتی ئەمریکا و بریتانیا نییە، ئەوان دەیانهەوێت پێکوتەکەیان لە سەر خەڵکی وڵاتانی دیکە تاقی بکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە وڵاتێکی باوەڕپێکراو پێکوتە هاوردەی ئێران بکرێ، کێشە نییە و ئێمە پێشوازی لێدەکەین.
هەر لەم پێوەندییەدا”محەممەد حوسێن قوسیان موقەدەم” سکرتێری گشتی مانگی سووری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی”تەسنیم” وتی: مانگی سووری ئێران، بە فەرمانی عەلی خامنەیی، پڕۆسەی هاوردەکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنای لە ئەمریکا و بریتانیا ڕاگرت.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا وتی: بە جێگای پێکوتەی ئەمریکایی و بریتانیایی، بڕیارمان داوە یەک میلیۆن پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە وڵاتانی ڕووسیە و چین هاوردەی ئێران بکەین.
شایانی باسە کە ئەم هەڵوێستەی خامنەیی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵکی ئێرانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و بە کارێکی نابەرپرسانە و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خامنەیی دەزانن.