بەهۆى بەشداریینەکردنیان لەڕیوڕەسمی ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی ، هێزەکانى سپاى پاسداران ژمارەیەک چەکداری میلیشیا ناوخۆییەکانى خۆی لەناوچەى ئەلبوکەمال لەسووریە دەسبەسەر کرد.
تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەرچاوەکانى خۆیەوە لەو شارە بڵاویکردۆتەوە “لەشارى ئەلبوکەمالی دەوروبەرى دێرەزوری رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە، هێزە میلیشیا ئێرانییەکان چەندین کەسیان لەساڵیادی کوشتنى قاسم سولەیمانى دەستگیر کردووە، تومەتەکەیان ئەوەبووە لەرۆژى ساڵیادی کوژرانیدا بەشدارییان لەڕێڕەسمەکەدا نەکردووە”.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ “ئاهەنگەکان لەگۆڕەپانى فەیحای ئەلبوکەمال بەرێوەچووبوون وچەندین وێنەى سولەیمانى لەپاڵ ئاڵای ئێران و سووریە لەشوێنە گشتیەکان هەڵواسرابوون و، جگە لەبڵاوەپێکردنى چەندین چەکداری دەمامکداری سپای پاسداران چەندین سەرکردەى میلیشیاکانی ئەو ناوچەیە بەشدارییان تێدا کردووە، کە هەندێکیان فەرماندە باڵاکانی سپاى سووریە بوون.












