هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە سووریە تەنگی بەو ڕیژیمە هەڵچنیوە و جموجۆڵەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕیژیمەی لە سووریە تا ڕاددەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە.
ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هاوکات لە گەڵ هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی میلیشیاچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لەناوچەی “ئەلکسوە” لە باشووری شاری دەمێشقی پێتەختی سووریە، تەقینەوەیەکی گەورەش ئەو ناوچەیەی هەژاندووە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر شوێنی کۆبوونەوەی میلیشیاچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە ناوچەی “ئەلکسوە” لە باشووری دەمێشق، کەمتر لە ٤٨کاتژمێر دوای سەردانی فەرماندە پلەبەرزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ ئەو ناوچەیە بوو.
لە ماوەی ١٠ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە سێهەمین جارە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، بنکە و پێگەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەکەنە ئامانج و کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.












