دوو برای خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی”کەریم مەحموودی و ئومێد مەحموودی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوازران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزێکی ئیتلاعاتیی بە جلوبەرگی مەدەنی هێرش دەکەنە سەر ماڵی دوو برای ناسراوی شاری بانە بەناوەکانی “کەریم مەحموودی و ئومێد مەحموودی”، دوای دەسبەسەر کردنیان بۆ شوێنێکی نادیاریان دەگوازنەوە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا شاری بانە بۆتە شوێنی دەسبەسەرکردن و ڕەشبگیریی هەڕەمەکیی لاوەکان و خەڵکی ئەو شارە لە لایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە و دەیان کەس لەو پێوەندییەدا بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کراون و چارەنووسی زۆربەشیان نادیارە.











